Velkommen til nye Rosas World -Welcome to Rosas World

           www.aramshad.com                            

Fonti Unikurd Dabgre  ‌

 

 

                             
 
              

 

 

ئه‌م گۆشه‌یه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هۆنراوه‌کانی

فــه‌هــد گــرده‌وانـی

 

ئه‌نفاڵی 2008 

بۆ مه‌راسیمی رێزلێنان له‌ روفاتی 354 قوربانی ئه‌نفاڵ

 

له هه‌ر شوێنێک خۆت بشاریه‌‌وه ،   ‌

یا خۆت نیشان بده‌یت و

له ‌به‌ر چاوان بیت

رقم لێته‌

ئه‌ی ئه‌نفاڵ

# # #

ئه‌ی له‌که‌ ره‌شه‌که‌ی

نێوچه‌وانی

ده‌سه‌ڵاتدارانی

رژێمی فاشی به‌عسی

گۆڕ به‌گۆڕ کراو .

ئه‌ی مێژووه‌ ڕه‌شه‌که‌ی

ده‌وڵه‌تی یاسای بیابان و به‌ناو ئیسلام .

له‌ژێر  چاوی هه‌ردوو {الله اکبر} ی سه‌ر ئاڵاکه‌ت ،

گۆڕستانی مرۆڤایه‌تیم بۆ دروست ده‌که‌یت و

بێشه‌رمانه‌ش

 سه‌رکه‌وتنت به‌سه‌ر ژن و منداڵ ،

ناوی لێده‌نێی ئه‌فاڵ

با له‌لای هه‌موو ئیماندارانیش

 پیرۆز و خۆشه‌ویست بێت .

هه‌ر رقم لێته

ئه‌ی ئه‌نفاڵ

# # #

رقم لێته‌ با ناوت

هه‌ر ئه‌نفاڵ بێت و

سه‌رقافڵه‌که‌ت با هه‌ر

سه‌دام حوسێن و

سوڵتان هاشم و

عه‌لی کیمیایی بێت

با سه‌رله‌شکریان

 هه‌ر قورئان خوێندن و الله و اکبر بێت .

ئه‌ی ئه‌نفاڵ

# # #

ئه‌مڕۆ بۆ رێز لێنان له‌ ئێوه‌

رووبار له‌ کوردستان

گۆرانی ناڵێت .

شه‌پۆڵ له‌ ده‌ریاکانی جیهان

سه‌ر ئاو ناکه‌وێت .

باران له‌ نیوه‌ی رێگا

به‌ره‌و ئاسمان ده‌گه‌ڕێته‌وه .‌

برووسکه‌ له‌ داخان ره‌ق ده‌بێته‌وه‌ .

# # #

له رۆژی ‌ 14/1/2008 دا

کوردستانه‌که‌م 354

رووحی تازه‌ی

له‌ دایک بوو .

354 مرۆڤی زیندووی

جۆراوجۆر له‌

ژن...منداڵ...پیر...کیژ...گه‌نج .

هه‌ر یه‌که‌یان

 ره‌نگی چاویان

جۆری قژیان

جیاوازه‌ .

ته‌نها هه‌ڵگری یه‌ک ناسنامه‌ و

خه‌ڵکی یه‌ک ووڵاتن .

# # #

ئه‌وانه‌ روفاتی

نێردراوی یه‌زدانن

ئه‌وانه‌ 354

پێغه‌مبه‌ری مرۆڤایه‌تین

بۆ سه‌ر رووی زه‌وی .

354 گوڵی سووری

سه‌ر سینگی دایکانی شه‌هیدی جیهانن .

ئه‌وانه‌ رووی گه‌شی

مرۆڤایه‌تین و

گڕ و دڕکن له‌ چاوانی ،

هه‌ست و نه‌ست و دڵی بێده‌نگی و مردوو ،

 به‌رامبه‌ر گۆڕی به‌ کۆمه‌ڵ .

# # #

ئێوه‌ چه‌ند که‌سن

دوو ده‌ست

دوو قاچ

هه‌زاران ده‌ست

هه‌زاران قاچ

ده‌رزه‌ن ده‌رزه‌ن

گلێنه‌ی چاو

هه‌زاران چاو

183 هه‌زار ئه‌نفاڵ

8 هه‌زار بارزانی

5 هه‌زاری کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌

چه‌ند هه‌زار گه‌رده‌نی په‌تی قه‌ناره‌ و سێداره‌ .

ئێوه‌ چه‌ندن له‌سه‌ر خاک و

له‌ ژێر زه‌وی دا .

ئێوه‌ چه‌ندن له‌ناو شاخ و

له‌ نێو دۆڵ دا .

ئه‌ی سه‌ربه‌رزانم

 ده‌پێم بڵێن ئێوه‌ چه‌ندن .

# # #

ئه‌و روفاتی ئه‌نفاڵانه‌

له‌ په‌یکه‌ری ئازادی نیویۆڕک به‌رزتره‌ .

له‌ گۆڕه‌پانی سووری مۆسکۆ جوانتره‌ .

له‌ که‌نیسه‌ی ڤاتیکان پیرۆزتره‌ .

له‌ گۆڕه‌پانی که‌عبه‌ی موسڵمانان فره‌وانتره‌ .

له‌ ئه‌هراماتی فیرعه‌ونه‌کان کۆنتره‌ .

بۆ مرۆڤایه‌تی

شوێنی حه‌سانه‌وه‌یه‌ گۆڕی به‌ کۆمه‌ڵتان ،

ئه‌ی شه‌هیدان .

# # #

هه‌ڵکه‌نن ئه‌و

خاکه‌

هه‌ڵکه‌نن

ده‌بیندرێته‌وه ،

هه‌ر هه‌موویان ده‌ناسرێنه‌وه‌ .‌

ئه‌و که‌لـلـه‌ سه‌رانه‌ له‌ توره‌گه‌ و بوغچان بکه‌ن

بۆ باره‌گای خودا ده‌نێرینه‌وه ،‌

با دوا بڕیاری خۆی له‌سه‌ر تاوانباران بدات .

کۆیکه‌نه‌وه‌

 با ئێسکه‌کان یه‌که‌ یه‌که‌ بناسیته‌وه‌ و

 ناوی ئه‌و قاره‌مانانه‌مان بۆ بنووسێته‌وه‌ .

هه‌تا کوردستان مابێت ،

ئێوه‌ زیندوون .

هه‌تا یه‌ک تاقه‌ کورد مابێت ،

ئێوه‌ تاجی سه‌ری ئێمه‌ن .

 ئێوه‌ پیرۆزی مرۆڤایه‌تین .

فـه‌هـد گـــرده‌وانـی 14ـــ17/1/2008 ستۆکهۆڵم

 

 

. . . . . . . . . . . . . . . . . . .

 

 

کاره‌ساتی هه‌ولێر
1  - ی شوباتی 2004 ـــ نۆی ئایاری  2007



ده‌ست به‌ قژی خوێناویتا ده‌هێنم و
به‌ هه‌نیسکی گریانه‌وه‌
که‌عبه‌ی نێوان هه‌ردوو چاوت ماچ ده‌که‌م و
به‌ ئاسته‌م دسرتێنمه‌ گوێت :
جگه‌رگۆشه‌م !
عه‌بدوڵڵا په‌شێو شیعری {هه‌ولێرله‌ یه‌کی شوباتا}
دیوانی [هه‌سپم هه‌وره‌ و ڕکێفم چیا ]

 

ده‌نگه‌کان
به‌بێ ناز خوێناوی ده‌کرێن
ئه‌وانه‌ی ده‌رگای رووح ده‌که‌نه‌وه
چه‌ند که‌سێکی
هه‌رچی و په‌رچی و سه‌رسه‌ریین
بازرگانی به‌ ناوی ئایین و
کوشتنی مرۆڤ ده‌که‌ن
دڵ ره‌ق و بێویژدانن
گاڵته‌ به‌ خوێنی
ئینسان ده‌که‌ن
ده‌یانه‌وێ
هه‌ولێره‌که‌م به‌ره‌و تاریکایی
رۆژه‌کانی زه‌مه‌ن ئاوا بکات
له‌ کوێ وه‌ دێن باهه‌ر به‌ ڕه‌ووه‌ بێن
خۆ ناتوانن یه‌ک گه‌ڕه‌کم داگیر بکه‌ن
ئه‌و مێشک ژه‌نگاویانه‌
له‌ زمانی پیره‌ هه‌ولێر ناگه‌ن
با بچن هه‌موو کتێبه‌کانی ‌ئاسمانی و
ئایینی یه‌کان بخوێننه‌وه
‌ ئینجا چاک ده‌زانن
هه‌ولێره‌که‌م هه‌تا ئه‌مڕۆ
تاقه‌ شاری دنیایه.
‌خوای لێنێژراوه‌ خوا
گۆرستانی چوار خوایه
‌جێگای هه‌وارگه‌ی
به‌ناوبانگی ئه‌ربائیلۆی
هه‌زاران ساڵه
په‌ڕژینی ئه‌و چوار خوایه‌
قه‌ڵایه‌
گڵکۆی هه‌رچوار خوا
مناره‌یه
کێ ده‌توانێ
به‌و جه‌ژنه و
به‌ گزنگی به‌یانی
سه‌ر شۆسته‌کانی شێستمه‌تری
‌ جلی ره‌ش له‌به‌ر منداڵان و که‌سوکاری
گه‌ڕه‌که‌ هه‌ژاره‌کانی
سه‌یداوه‌ و ته‌یراوه‌ و سێتاقان و کوران بکات.
با به‌ ده‌رزه‌ن
با ده‌سته‌ ده‌سته‌
میرخاس و
که‌زی درێژ و
منداڵانم
بکاته‌ شه‌هید و قوربانی
هه‌ولێره‌که‌م قه‌ت و قه‌ت سه‌ر دانانوێنی
بۆ ئه‌و به‌ڵایه‌ی ناوی {غه‌زا}ی لێنرایه‌.
هه‌ولێره‌که‌م چۆک دانادات‌
بۆ ئه‌و شه‌ڕه‌ی
دروشمی ریشوشمشێری تێدا هه‌ڵکێشراوه‌.
بانگی مناره‌ی مزگه‌وته‌کانم
زه‌نگی که‌نیسه‌کانم
سه‌دای حه‌یران و
قۆریاتی ناوشارم
،
بۆ یه‌کی شوبات و نۆی ئایار
لاواندنه‌وه‌ و سرووده‌
هێز و توانایه‌ و قه‌ت له‌بن نایه‌.
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی فریای شه‌هیدان و
برینداران که‌وتن ...
ئه‌وانه‌ ده‌ستیان له‌ کوێ یه‌ و
سه‌ریان کوا بۆ یه‌کتر ناگرنه‌وه‌ و
بۆ ناچنه‌وه‌ باوه‌شی یه‌کتر.
کۆی بکه‌وه‌ با ده‌سته‌کان دوو دوو
لاقه‌کانیش دوو دوو
له‌لای لاشه‌ی تێکه‌ڵاوی ئه‌و هه‌موو مرۆڤه‌ دابنێن و
به‌ جیهانی نیشان بده‌ن
خوای ئه‌وانه‌
ئه‌وه‌نده‌ توندوتیژه‌ و
ئه‌وه‌نده‌ دڵ ره‌قه
دروستکراوی خۆی به‌و شێوه‌یه‌ هه‌تک ده‌کات.
خوای ئه‌وانه‌
له‌سه‌ر زه‌وی دۆزه‌خ
بۆ منداڵان و
پیاوی ئایینی و
ژن و کچان و
بێتاوان
دروست ده‌کات
هه‌ولێره‌که‌م.
له‌وه‌تی تۆ ناوت شاره‌ و مێژووت ده‌خوێنمه‌وه
‌ تۆ تاجی سه‌ری کوردانی
تۆ تێکشکێنده‌ری له‌شکری داگیرکه‌ر و هێزی دوژمنانی
هه‌ولێره‌که‌م هه‌رده‌م تۆ
پشتوپه‌نای خه‌ڵکی کوردستانی
تۆ تاجی سه‌ری کوردانی

 

 

 


فــه‌هــد گـــرده‌وانـــی 9/6/2007 ستۆکهۆڵم

 

                                                   

 

 مــاڵــه‌وه‌